که‌شتی ێک ته‌نیاییم ئه‌بات تا سه‌رشه‌قام...
که‌مێک ڕاوه‌سته با ...
به‌ژن به‌رز ئه‌م کوێستانه مرۆڤ
سه‌یرم که
پێڵاوم بێده‌نگه و
به سامناکیته‌وه ئه‌چرپێ:
له سه‌رما بیره‌وه‌ری ده‌شتێک ئاخنراو
تا سه‌نگه‌ر به تاسه‌ی پێکه‌نین بمگاته خرمه‌ی شاخ
تفه‌نگێک بێ ئوقره که‌وتوه له کفنی ئاشتی دا
من ڕێبوار
روومه‌تم شه‌که‌ته و
چاوانم هه‌ست به ڕێی درێژی نه‌پێواوم ناکه‌ن.
[ ئه‌توانین به مێژووی قه‌ناعه‌تی ئه‌م کوێستانه و
دڕنده‌یی مرۆڤ بگه‌ین
که سه‌ره‌تای ئه‌م سنووره ڕسوایی بێت]
مێژویش نا،
تۆ بڵێ: باپیرم و خوا و چه‌ن که‌س ئاواره‌ی سه‌ر سنووری شه‌راو
-قه‌ده‌غه‌س
-هه‌ر شه‌راو
-قه‌ده‌غه‌س
-هه‌ر شه‌راو
-قه...-راو...-ته‌قه‌س...
یه‌ک؛
من له مردنی هیچ گوڵێک
به قه‌د دووباره مردنی
له هه‌نگاوه‌ترته‌کانی ئاوێنه‌دا
نه‌هه‌ژاوم
دوو؛
که مردن
له نێوان دووبزه‌ی باران و
دڵۆپه خه‌نده‌ی تۆ پێم بگا
خۆشم ئه‌وێ
دوو ده‌ستم وه‌ک دووجار چه‌خماخه‌ی ئاسمانی ئه‌خه‌مه گه‌ردنی
شه‌قامی سینه‌می بۆ ئه‌که‌م به ئوتێل
سێ؛
که‌شتی ێک ته‌نیاییم ئه بات تا سه‌رشه‌قام-په‌یکه‌رم-
با زه‌رده و گه‌ڵاێک لێ ئه‌دا؛
پاییزه پاییز
من دایکم
حه‌قم هه‌س بترسم له مردن
پێم خۆشه کوڕانی شێعری من به‌سته‌بن
بۆ کارتی زه‌ماوه‌ن
من دایکم
وا له ژێر سانسۆری باوکانه‌ی قه‌ده‌غه
په‌راوێز ئه‌دوورم
من دایکم
حه‌قم هه‌س بترسم
جارێکیان شێعرێکم یاخی بوو
ساوابوو ئه‌و شێعره
نه ته‌ققه‌ی تفه‌نگی بیستبوو
نه چیا و سه‌نگه‌ر و
نه که‌ڵێک، که هه‌ڵدێر
ده‌نگی لێ بزرکات
دڵنیام باڵنده‌ی کێوی بوو
ئه‌و کۆتره‌ی
به دان و به ئاو و به هه‌وای ئه‌م شاره ڕاهات و. .
که هه‌ستام له نووسینی شێعری سه‌رقه‌برێک
شێعریلکه‌ی ساوای من
فیزیکی به‌ردی به باشی ناسیبوو. . .
من دایکم
حه‌قم هه‌س بترسم
ئه‌و شێعره‌م له ژوورێکی سه‌رما شارده‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گاته شه‌قام و
نه‌چێته وڵاتی هه‌نده‌ران
من دایکم –به‌زه‌یی-
دوای چه‌ن ساڵ
که ویستم ئه‌و شێعره له ژووری سه‌رمه‌وه دایڕێژمه سه‌ر شه‌قام
که‌چی هه‌ر چه‌ن ووشه‌ی لێ مابوو؛
نان، car، ژن، mobil
دووباره پێکه‌نیم و
ده‌ستت هه‌ر له‌سه‌ر شانی من
سانسۆره بڵێم . . .
هه‌ردارێک، هه‌ربه‌ردێک، هه‌رجوانێک
که تۆ هه‌یت به من چی!
نازداری، تۆیش وه‌ک جوێن
شه‌پۆلی ده‌مارم له خوێنا هه‌ڵئه‌خه‌ی
تکایه جوێن مه‌ده به ڕزگار، به شۆڕش، به خوا، به جمهوور
له خه‌ودا شه‌ڵاڵن
ئیشاره‌ی چاوانت پێم ئه‌ڵێن
کۆترێک
هه‌میشه گمه‌ی دێ به سه‌رتا، خواقه‌زات
خه‌ریکه
سێبه‌رت له سێبه‌ر خوا ئه‌که‌ی به په‌لکه
ماچێکت حه‌ڵاڵم بۆ شه‌راو
تکایه، مه‌چوه ناو فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خنکی گوڵه‌که‌م
له‌م دووره دانیشه
با چپه و گوێچکه‌مان تێکه‌ڵکه‌ین:
[- که‌م و که‌سری که‌نیشک هه‌ر وه‌چاوا دیاره
خوابیوڕێ زه‌ماوه‌ن بێ سفره‌ی ڕه‌شبه‌ڵه‌ک
-دوو سڵامیش بۆ تۆ خواقه‌زات
-باوکیشم هه‌رماوه و
قه‌زاوه‌گه‌ڕێنی میمکته
- یا فره برسیمه
یا که‌نیشک ئه‌م شاره قه‌وباڵایان که‌مه
-ئا...........ی
-زه‌هرمار!
ئه‌و بێشکه ساحێویه‌س!
هه‌ر ئایسه دایکی هات کردیه خه‌و
لامه‌سسه‌و چاووه‌لی هه‌ر ئه‌توت
دوو پیاڵه ئاره‌قه و
لێوه‌کانی مه‌زه...]
کۆتایی ئه‌م نامه بۆ که‌سێک نووسراوه
که چه‌ن ساڵه
ته‌نیا شه‌قامی ئه‌م شاره ومن
نازانین که چۆن هه‌ر نه‌ما- نه‌مانی وه‌ک خه‌زان ئه‌کریا به به‌رما-
له ته‌نیایی به‌ولا هیچ نیه مه‌گه‌ر رێم شه‌قامه و
شه‌قامیش هه‌ر ئه‌ڕواو
ئه‌مکێشێ جازبه‌ی جه‌ماوه‌ر بێ وچان
به‌دواتا نامه‌یه‌ک ... نا مه‌ێک
حه‌رامم چاوانت ئه‌گه‌ر له‌م دێڕه‌دا
نه‌تخه‌مه که‌شفێکی تازه‌وه
که تازه ئێواران
ئه‌فسانه له تۆدا ده‌گاته شێعرانیم
خه‌ریکم شێعرێکی باڵابه‌رزبۆهه‌نگوێنی چاوت هه‌ڵبکه‌م
نه‌ریتێک له ساڵی کۆچی تۆ دامه‌زرا
ئه‌وه‌تا چه‌ن ساڵیش له تۆوه دوورترم و
له‌دڵمای بێ که‌تمان وه‌ک تامی شێعرێکی تازه‌تر
تا کۆتایی پێ دێ بتنووسم
ئه‌وه‌تا!
من له‌به‌ر رێژنه بارانی نوێژ
جۆگه‌له‌م،
به ته‌نیا رێبواریت ئه‌بیسم؛
ئاوازێک له ناخی کوێستانیم تێده‌که‌ی له دڵتا
ئازارێک له بووکی دزراوی به‌یانی له دڵما
تۆ بڵێی جیهانیش بۆ سێوێک
مرۆڤی تێ قوڵتا
دابه‌زه له‌م خه‌وه و
دووباره گوێ بنێ به شوێنی ئاخه‌رین چرپه‌ما:
((هه‌نارێک دانه‌ئه‌کرێ و
که‌سێک له‌وبه‌ریه‌وه ئه‌ڵێ:ده‌فه‌رموون!
له داڵده‌ی ئه‌م خوڵکه گه‌رمه‌تا
با تاوێ بێ ژیان دانیشم و
باوه‌شکه‌م به کۆچی سه‌فه‌رت
تا سنووری خه‌فه‌ت دوور،
دوورتر
خۆم بینی که مرد و
شکۆفه‌ی نه‌هێناوه به‌هار
تۆم بینی
که به ده‌م هه‌نارت هه‌ڵئه‌مژی و
پرته‌قاڵی بزه‌ت ئه‌کرده جریوه بۆ جێ‌ژوان.
من ئه‌بووم به جه‌سته‌ی هه‌ڵکراوی شێعرێک
له به‌رده‌م باره‌گای هه‌ناری بڕوادا و
له مێژووی قه‌ڵه‌می زه‌مه‌ن دا ئه‌م هۆنی:
((هاوار قاپێکی تاعوونی سه‌رده‌می یه و
به ژووره‌که‌ی لای سه‌رمه‌وه هه‌ڵواسراوه
مژده‌ی پێیه له حه‌قیقه‌تی هه‌نار و
کۆتره‌کانی سه‌ر گومبه‌زه و
کچه قه‌یره‌کانی شه‌قام
هاوار ئه‌مڕۆ له باخچه‌ی ده‌نگ په‌یامه‌کان ئه‌پشکنێ و
ئه‌یانخاته سه‌ر گازه‌ره‌ی بێده‌نگی خاک
هاوار قاپێکی تاعوونی سه‌رده‌می یه و
کاته‌کانمان دیاری ئه‌کات
هاوار ئه‌مڕۆ ئه‌چێته درزی ئێواره‌ی گوناه باری و
پیاڵه شه‌رابی کوشه‌نده‌ی گۆشه‌گیری لێوڕێژ ئه‌کات بۆ ته‌نیایی
شه‌رابێکه ئه‌م هاواره
سه‌رکه‌وتوه به سه‌ر ده‌می خاپووری دا))
له چرای هیوادا ده‌سووتێم
وه‌ک یه‌که‌م نامه‌که‌م:
وابزانه من که‌پرێکی سهرڕێم و
که‌لاوه‌ی دڵم جێگای ئه‌م هه‌موو تابووتانه ناکاته‌وه
ئه‌بێ چی به فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و دڵه ناسکه‌ت بڵێم
که خۆم ڕه‌نگه نه‌بم
ئه‌بێ چی . . .؟
به فه‌رمانڕه‌وایی له‌و دڵه‌ت
گه‌ره‌کمه بزانم
له‌م شاره
بزانی کێ له‌من کاولتر...!؟
*چاپکراو؛سۆران- ژماره سیانزه

پایزه شێعر